راچڵهكین-
گەڕێ سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بێ ئاکام کۆتایی هات و شاندەکە بەرەو هەرێمی کوردستان گەڕایەوە، به وتهی سهرچاوهیهكیش بهغدا كۆمهڵێك پێشنیازی داوه به شاندی ههرێم.
لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکاندا، شاندی هەرێم جگە لە سەرۆکوزیران مستەفا کازمی، گفتوگۆی لەگەڵ هەریەکە لە وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق کردووە و هەردوو لا پێشنیارەکانی یەکتریان وەرگرتووە.
ئەگەرچی تا ئێستا هەریەکە لە بەرپرسانی بەغدا و هەرێم نە بە شێوازی راگەیەندراو و نە بە شێوازی لێدوان ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدەن، بەڵام ئاژانسی ئهنادۆڵو لهزاری سهرچاوهیهكهوه بڵاوی كردووهتهوه كه، "دەرکەوتووە شاندی هەرێمی کوردستان دوای وەرگرتنی پێشنیارەکانی بەغدا ئامادەنەبووە وەڵامیان بداتەوە و داوای دەرفەتی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی بەغدا بدرێتەوە و بۆیە گەڕاوەتەوە کوردستان".
بە پێی زانیارییەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیراندا، را و پێشنیارەکانی بەغدا تاوتوێ بکرێت و هەڵوێستی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران لەم بارەیەوە وەربگیرێت.
بڕیارە شاندی دانوستانکار وردەکاریی گفتوگۆکان بۆ ئەنجوومەن ئاشکرا بکەن و دوای وەرگرتنی بڕیاری ئەنجوومەن، لە رۆژانی داهاتوو دووبارە سەردانی بەغدا بکەنەوە.
دەگوترێت، هەر دوو لایەن ئیرادەی گەیشتن بە رێکەوتنیان تێدایە و بۆیەش هیچ وادەیەک بۆ کۆتایی پێهێنان بە گفتوگۆکان رانەگەیەندراوە، بەڵام وردەکارییەکانی تەکنیکی کە کەڵەکەبووی ساڵانی پێشوون، راگەیاندنی رێککەوتنی دوو لایەنی لە کورت مەودادا ئەستەم کردووە.