راچڵەكین-
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەسەكۆ ئەلیكترۆنییەكانی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران، تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەشێوەی نواندن بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا وانیشاندەدرێت بنیامین ناتانیاهۆ-ی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دوای رفاندنی، بەكەلەپچەكراوی دەبرێتە تاران-ی پایتەختی ئەو وڵاتە.
دیمەنەكە لە كورتە فلمێكی ئێرانی بەناوی " میوانێكی نافەرمی" وەرگیراوە كە بە هەواڵی رووداوێكی ناڕوون دەستپێدەكات لەبارەی دیارنەمانی لەناكاوی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل.
دواتر وەرگێڕێكی زمانی عەرەبی بانگدەكرێت بۆ ئەوەی چەند پرسیارێك ئاڕاستەی میوانەكەی تاران بكات، تا دواجار وەرگێڕەكە بۆی دەردەكەوێت ئەو میوانە خودی ناتانیاهۆ-یە.
هەرچەندە فلمەكە پێنج مانگ لەمەوبەر بەرهەمهێنراوە، بەڵام جارێكی تر لەسەكۆ ئەلیكترۆنییەكانی ئێران نمایش دەكرێتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ دانووستانەكانی ئەمریكاو ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە.
فلمەكە لە ستۆدیۆكانی " قەدرە" بەرهەمهێنراوە، كەلەلایەن ئێزگەی " فاردا"ی سەربەئۆپۆزسیۆنی ئێران تۆمەتباركراوە كە كۆمپانیایەكی سەر بە دەزگای هەواڵگری تاران-ەو، كاری بانگەشەكردنە بۆ دەسەڵاتی ئێرانی.