راچڵەكین -
بوومەلەرزەیەكی دیكە شاری ئیستانبوڵ-ی توركیا دەهەژێنێت كە چەقەكەی دەریای مارمارا بووە.
سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی كارەسات و دۆخە لەناكاوەكانی توركیا (ئافاد) بڵاویكردەوە، كاتژمێر 8:33 خولەكی ئەمشەو بە كاتی ناوخۆی توركیا، بوومەلەرزەیەك بەگوڕی 4.3 پلە بەپێوەری رێختەر، لە شاری ئیستانبوڵ روویدا و تائێستاش زیانەكانی ئاشكرا نەكراوە.
چەقی بوومەلەرزەكە لە قووڵایی حەوت كیلۆمەتر بووە لە كەناراوەكانی دەریای مارمارا لەناوچەی بیوك چەكمەجە.
بوومەلەرزەكە لەدوای دوو رۆژ دێت لەو بوومەلەرزە بەهێزەی كە بەگوڕی 6.2 پلە بەپێوەری رێختەر، ئەو شارەی گرتەوەو دواتر چەندین لەرینەوەی دیكە بەگوڕی جیاجیا روویاندا، بەهۆیەوە 151 كەس بریندار بوون.