راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێكی سەربازی بۆسەر چەند ناوچەیەكی كەرتی غەززە ئەنجام دەدات و داواش لە دانیشتووانەكانی دەكات لەپێناو سەلامەتی خۆیان، بەپەلە ئەو ناوچانە جێبهێڵن.
ئەمڕۆ هەینی، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی كردەوە تیرۆریستییەكان، هێزەكانی سوپا هەڵمتێكی سەربازیی بۆسەر ناوچەكانی توركمان، ئەجدیدەو باكووری رۆژهەڵاتی زەیتون لە كەرتی غەززە ئەنجام دەدات.
ئەدروعی داواشی لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كەرتی غەززە كردووە، دەستبەجێ بەپەلە ناوچەكانیان جێبهێڵ و روو لە شاری غەززە بكەن، بۆئەوەی نەبنە ئامانجی هەڵمەتە سەربازییەكە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، چەكدارانی حەماس لەو ناوچانەوە كردەوەی تیرۆریستییان لەدژی هێزەكانیان ئەنجامداوە، وتیشی:" لەهەر ناوچەیەكی كەرتی غەززە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدرێت، سوپای ئیسرائیل بەتوندی رووبەڕووی دەبێتەوەو تیرۆریستان لەرەگ و ریشەوە لەناودەبات".