راچڵەكین-
مەسقەت-ی پایتەختی عوومان، گەڕی سێیەمی دانووستان و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمریكاو ئێران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران لەخۆدەگرێت.
وابڕیارە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەیینی 25ی نیسانی 2025 شاندێكی دیبلۆماسی و تەكنیكی ئێران بەسەرۆكایەتی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرەو مەسقەت بەڕێبكەون وەك ئامادەكاری بۆ گفتوگۆكانی رۆژی شەممە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەسەر بنەمای رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا، سبەینێ كۆبونەوەی تەكنیكی و دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، پێشكەوتن لە دانوستانەكاندا، پێویستی بە نیەتپاكی و جدیبون و واقیعبینی لایەنی بەرامبەرەوە هەیە، كۆماری ئیسلامی ئێران ئەزمون و پێشینەكانی رابردووی لەبەرچاو دەگرێ و، بە پێی هەڵسوكەوتەكانی لایەنی بەرامبەر كارەكانی خۆی رێكدەخات.