قوباد تاڵەبانی: پێویستە بەڵینەكانی هەڵبژاردن ببەینە سەر

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 264


راچڵەكین- 

سەرپەرشتیاری دووەمین دیداری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، دیدار داهێنانێكە بۆ سیاسەتكردن لەهەرێمی كوردستان و ئەم داهێنانەش هەر لەیەكێتی جوانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی نیسانی 2025 قوباد تاڵەبانی، لەوتاری كۆتایی دووهەمین دیداری یەكێتی رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی تەنها كەسێك و ناوچەیەك نییە، بەڵكو حزبی یەك بەیەكی ئێوەی تێكۆشەرو گەنجان و ژنانە."

وتیشی:" سەرجەم راپۆرتی لیژنەكانیش كە لەلایەن سەرۆكی لیژنەكانەوە كۆكراونەتەوەو پڕن لەڕاسپاردەو و بۆچوون و پێشنیاری ئێوە، بەئەمانەتەوە دەدرێنە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پەسەند دەكرێنن ، هەندێك لەڕاسپاردەكان لەچوارچێوەی دەسەڵات و ئیرادەی یەكێتیدایەو وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن، بەڵام رەنگە هەندێك لەڕاسپاردەكان پێویستیان بەگۆڕینی یاسا بێت، بۆ ئەمەش دەتوانین لەڕێگەی پەرلەمانتارەكانمانەوە لەپەرلەمانی كوردستان كاریان بۆ بكەین، هاوكات رەنگە هەندێك لەڕاسپاردەكان پێویستیان بەگۆڕینی رێنمایی و بڕیاری حكومی بێت و هەموو ئەمانەش لەپێكهێنانانی حكومەت و پەیڕەوكردنی بەرنامەی حكومەتدا هاوكارمان دەبن."

سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی ئەوەشی راگەیاند: "دیدار داهێنانێكە بۆ سیاسەتكردن لەهەرێمی كوردستان و ئەم داهێنانەش هەر لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جوانە، بۆیە داواتان لێدەكەین دوای دیداریش بەردەوامبن لەگفتوگۆو كۆبوونەوەكانتان، بەشێوەیەك ژیانی حزبایەتی زیندوو بكەنەوەو رۆژانە گوێبیستی داواكاری خەڵكبن، ئێمەش هاوكارو پشتیوانتان دەبین".

لەكۆتایی وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: "پێویستە بەڵینەكانی هەڵبژاردن ببەینەسەرو ئەو كەسانەی لێمان زویربوون ئاشتیان بكەینەوە، وەك چۆن پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن ناوەستن، نابێ ئیمەش بوەستین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن