وەزارەتی تەندروستی رێكاری توند بەرامبەر پزیشكێك و نەخۆشخانەیەك لەسلێمانی دەگرێتەبەر

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 404

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو پزیشك و نەخۆشخانەیە دەگرێتەبەر كە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری بۆ ژنێك گیانی، گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی نیسانی 2025 وەزارەتی تەندروستی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری كاری نەشتەرگەری جوانكاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی كاركردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، وەزارەتی تەندروستی ڕێككاری توندی یاسایی گرتەبەر  بەرامبەر بە پزیشك ( د. ئارام عەبدوڵا محەممەد ) ، دوای گیان لەدەستدانی هاوڵاتی (شۆخان عبدوڵا) لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی (سەفین )ی تایبەت كە نەشتەرگەری جوانكاری بۆ ئەنجام درابوو.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە:

1- پێكهێنانی لێژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە كێشەی گیان لەدەستدانی ناوبراو  بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان) و پەیڕەوی (پێكهاتە و ئەركەكانی لێژنەی لێكۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی دادوەری داواكاری گشتی و نوێنەری سەندیكای پزیشكانی كوردستان.
2- ڕاگرتنی پزیشك (د. ئارام عبدالله محمد) بەناونیشانی پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەكاركردنی تا كۆتایی هاتنی لێژنەی لێكۆڵینەوە ، لەبەر ئەوەی ناوبراو سەرپێچی ڕێنمایی ژمارە (  ١٠ )ی ساڵی ٢٠٢٤  و فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٣٠٤) لەڕێكەوتی ٣ /٧ / ٢٠٢٣ ی كردوە ، كەوا كاری پسپۆڕی ئەم پزیشكە نیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بەڵكو ئەم نەشتەرگەریە كاری پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانكاریە نەوەك نەشتەرگەری گشتی.
3- پێبژاردنی نەخۆشخانەی (سەفین)ی تایبەت بەهۆی سەرپێچی كردنی یاسا و رێنماییەكان تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی كاركردنی پزیشكی ناوبراو لە لیستی میلاكی ئەم نەخۆشخانەیە.
4- داخستنی هۆڵەكانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناوبراو لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەریەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن