ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی ئاشكرا دەكات و  رایدەگەیەنێت: هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەنێو پێكهاتەكانی سووریادا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەكان.

شەوی ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدەی) كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سووریا و پەیوەندییەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات و لایەنە سیاسییە كوردییەكان‌ لە سووریا لەگەڵ حكوومەتی سووریا تاوتوێ كران و دەربارەی مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش، بیروڕایان گۆڕییەوە.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوبەشی و بەشداریی كورد و تەواوی پێكهاتەكانی سووریا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا و مسۆگەركردنی مافەكانی هەمووان كردەوە، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەنێو پێكهاتەكانی سووریادا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەكان.

پێویستیی یەكڕیزی و تەبایی لەنێو هێز و لایەنە كوردییەكانی سووریادا وەك گارانتییەك بۆ بەدیهێنانی داوا و مافە ڕەواكانی كورد لەو وڵاتە، دۆخی كامپی هۆڵ و ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن