راچڵەكین-
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی كە ئەو كاتە لەو شارەبووە، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لەپەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە:" بۆ بەرزڕاگرتنی رۆڵی جوامێریی خەڵكی ناوچەكە، ئەركی سەرشانمانە بەردەوامی بدەین بەكاروانی ئاوەدانی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەجەماوەری قەڵادزێ."
دەقی پەیامەكە:
لەیادی تاوانی بۆردومانی قەڵادزێدا كەڕژێمی بەعسی رووخاو لەبەیانی رۆژی 24ی 4ی 1974دا ئەنجامیدا، سەری رێز بۆ رۆحی پاكی گشت شەهیدانی ئەو كارەساتە دادەنەوێنین ،كەبەشێكی زۆریان خوێندكارو مامۆستای زانكۆی سلێمانی بوون.
وەك تۆڵە سەندنەوەی ئەو تاوانە و بۆ رووبەڕووبونەوەی سیاسەتی راگواستنی گوندو دێهاتەكان كەڕژێمی بەعس لەسنوری ئەم قەزایە بەچڕی جێبەجێیدەكردو بۆ بەرەنگاری سیاسەتەكانی بەبەعسیكردن و بەعەرەبكردن، لەڕۆژی 24ی 4ی 1982 داو لەهەشتەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانەكەدا، جەماوەری شاری قەڵادزێ و بەسەرپەرشتی رێكخستنەكانی یەكێتی خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان رێكخست و توانیان دەستبگرن بەسەر چەندین مۆڵگەی دوژمندا، ئەم خۆپیشاندانە بووە خەباتێكی تری ئەو قۆناغەو بۆ چەندین رۆژ لەگشت شارەكانی تری كوردستانیشدا ئەنجامدرا.
ئەمڕۆش لەم یادەدا بۆ بەزیندووڕاگرتنی ناوی شەهیدانی تاوانی بۆردومان و شەهیدانی خۆپیشاندان، بۆ بەرزڕاگرتنی رۆڵی جوامێریی خەڵكی ناوچەكە، ئەركی سەرشانمانە بەردەوامی بدەین بەكاروانی ئاوەدانی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەجەماوەری قەڵادزێ.
درود بۆ ڕۆحی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی رێگای تێكۆشان لەناوچەكەدا
سڵاو لەجەماوەری قەڵادزێ كە هەمیشە پێشەنگی قۆناغەكانی خەبات بوون
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
24-4-2025