راچڵەكین-
ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە تێدەپەڕێت كە بەهۆیەوە دەیان كەس شەهیدو برینداربوون.
لەرۆژی 24-4-1974، كاتژمێر (9:45) سەرلەبەیانی، فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی بەعسی رووخاو، بوردومانی (قەڵادزێ) و زانكۆی سلێمان-یان كرد و بەچەكی قەدەغەكراوی (ناپاڵم) شوێن و جێگا مەدەنییەكانیان كردە ئامانج و لەماوەیەكی دیاریكراودا، ژمارەیەك شوێنی حەوانەوەی خوێندكاران، سەرۆكایەتی زانكۆ، بەشێك لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ، قائیمقامییەت و فەرمانگەی شارەوانی و خوێندنگاكان و نزیكەی (27) ماڵ و (40) شوێنی كاركردنی هاوڵاتیان ئامانجی ئەم هێرش و پەلارمارە دڕندانە بوون.
لەو پەلامارە دڕندانەیەدا (134) هاوڵاتی شەهیدبوون كە نۆ-یان خوێندكاری زانكۆبوون و (300) هاوڵاتی تریش برینداربوون. زۆربەشیان لە ژن و مناڵ و بەساڵاچوو بوون، لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكارو مامۆستا، كە بەمەبەستی خوێندن و وانەوتنەوە روویان لە شارەكە كردبوو.
لەساڵی 1982 لەكاتی یادكردنەوەی 24-4 خەڵكی قەڵادزێ لەدژی رژێمی بەعس ڕاپەڕین و پیاوانی ڕژێم بەگولـلە وەڵامیان دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنەوبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش بریندار بوون.
ئەو فڕۆكانەی لە 24-4-1974 قەڵادزێ و دوو رۆژ دواتری هەڵەبجەیان بۆردومان كرد، لە بنكەی ئاسمانی كەركوك هاتبوون ، فەرماندەی ئەو بنكەیە ( رائیدی فروكەوان سالم سوڵتان عەبدوڵا بەسۆ) بوو، خۆی راستەوخۆ سەركردایەتی ئەو پۆلە فڕۆكەیەی دەكرد، دواتر پلەكەی بەرزكرایەوە بۆ لیواڕوكنی فڕۆكەوان.
لە ساڵی 1993 لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەری رژێمی رووخاوی بەعس ( كامل ساجت و بارق عەبدولڵاحنتە) بە تۆمەتی كاركردن بۆ ئەنجامدانی كودەتا لە دژی سەدام حسین ، گولـلە باران كران.