راچڵەكین-
127 ساڵ پێش ئێستاو لەرۆژێكی وەك ئەمڕۆدا 22ی نیسانی 1898 ڕۆژنامەی "كوردستان" وەك یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لەقاهیرەی پایتەختی میسرلەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان بەچاپ گەیەندرا.
میقداد مەدحەت بەدرخان، كوڕی میر بەدرخان پاشای میری بۆتانە، بەپێی مێژوو نووسان و ئەدیبان ئەو ناوە دەگەڕێتەوە بۆ تێكەڵەیەك لەو ناوانەی كەلەو سەردەمەدا عوسمانییەكان لە ناوە فەرەنسییەكانەوە وەریانگرتووە، میقداد مەدحەت بەدرخان لەپاڵ شۆرشگێڕیدا كەسێكی رووناكبیرو هۆشیار بووەو دوای ئەوەی لە ساڵی 1891 چووەتە میسر، لەو وڵاتە لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت تا لە 22ی نیسانی 1898 لەقاهیرە یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستان دەردەكات و بەو شێوەیە تا دەركردنی ژمارە 5ی ڕۆژنامەكە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، دواتر بەهۆی فشاری زۆری سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی لەدژی بنەماڵەكەی ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ.
لە ژمارە شەشی رۆژنامەی كوردستان-ـەوە، عەبدولڕەحمان بەدرخان بووەتە سەرنووسەرو لە ساڵی 1899 لە جنێف بڵاوكرایەوە، لێرەوە نوسین و شێوازی رۆژنامەكە گۆڕا. دروشمی رۆژنامەكەش لە ژمارە یەكەوە تا دوایین ژمارە بریتیبوو لە (كوردان راپەڕین بەرپابكەن و هونەرو زانست فێر بن).
بۆ دەركردنی رۆژنامەی كوردستان، میقداد مەدحەت بەدرخان چووە میسر، چونكە لەو سەردەمەدا هیچ هێزو دەسەڵاتێك نەبوو پشتگیری لە كورد بكات، لەو سەردەمەدا میسر لە دەسەڵاتی عوسمانییەكانی یاخیبوو، ئازادی لەو وڵاتەدا بوونی هەبوو، هەربۆیە بنەماڵەی بەدرخانییەكان قاهیرەیان بە شوێنێكی گونجاو زانی بۆ دەركردنی رۆژنامەكەیان. بەڵام كاتێك دەوڵەتی عوسمانی پێی زانین، رۆژنامەكە چووە ئەوروپا.
ڕۆژنامەی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1898 تا 1902، 31 ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەركرا، لە ژمارە 1 تا 5 لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد بەدرخان لێپرسراوێتی دەركردنی (ڕۆژنامەی كوردستان)ی خستە ئەستۆی (عەبدولڕەحمان بەدرخان)ی برای و لە ژمارە 5 بە دواوە لە لایەن براكەیەوە دەرچوو.
لە ژمارە 6 تا 19 لە ژنێفی پایتەختی سویسرا، هەروەها لە ژمارە 20 تا 23 دووبارە لە قاهیرە، ژمارە 24 یش لە لەندەن و ژمارە 25یش دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆكستۆن هەر لە بەریتانیا، وە ژمارە 26 - 29 لە شاری فۆكستۆن، ژمارەكانی 30 و 31 لە ژنێف دەرچووەتەوە.