سودانی سەردانی توركیا دەكات

عێراق

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 113

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق

راچڵەكین -

لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆكی توركیا، محەمەد شیاع سودانی سەردانی ئەو وڵاتە دەكات بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری ستراتیجی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەگەڵ ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، باڵیۆزی توركیا بانگهێشتنامەیەكی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیای رادەستی سودانی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری ستراتیجی، كە بڕیارە مانگی داهاتوو لە توركیا ئەنجام بدرێت.

سەرۆكوەزیرانی عیراق، رەزامەندی لەسەر سەردانەكەی بۆ توركیا و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە دەربڕی و لایەن پەیوەندیدارەكانیشی راسپارد دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و توركیا ئامادە بكەن، كە بوارەكانی ئاسایش، ئاو، پیشەسازی، وزە، گواستنەوەو پیشەسازی سەربازی دەگرێتەوە، بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی هاریكاری ستراتیجی بخرێنەڕوو و لەگەڵ حكومەتی توركیا گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن