وڵاتێكی عەرەبی ژمارەیەك دیپلۆماتكاری فەرەنسا دەردەكات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 179

راچڵەكین -

بەهۆی بڕیاری دەركردنی ژمارەیەك دیپلۆماتكاری فەرەنسی، پەیوەندییەكانی نێوان جەزائیر و فەرەنسا گرژی تێدەكەوێت و حكومەتی پاریس-یش بڕیار دەكات هەمان هەنگاو لەدژی ئەو وڵاتە بنێت.

سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزی جەزائیری لە پاریس بانگهێشتكردووەو ناڕەزایەتی توندی پێڕاگەیاندووە بەهۆی بڕیاری دەركردنی 12 دیپلۆماتكاری فرەنسی و پێدانی مۆڵەتی 48 كاتژمێر بۆ جێهێشتنی خاكی جەزائیر.

لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسادا هاتووە، بڕیارەكەی جەزائیر هیچ بیانوویەكی نییەو دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

وەك كاردانەوەیەكیش، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڕیاریدا 12 كەس لە باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی جەزائیر لە وڵاتەكەی دەربكات و وەك كەسانی نەخوازراو پۆلێن بكات.

سەرۆكایەتی فەرەنسا جەختی لەوەكردووەتەوە كە سەرباری گرژییەكان لەگەڵ جەزائیر، بەڵام لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتە كە پەیوەندییەكی ئاسایی و سەقامگیریان هەبێت.

پێشتر حكومەتی جەزائیر رایگەیاندبوو، بەهۆی دەستگیركردنی كارمەندێكی باڵیۆزخانەكەیان لە پاریس لەلایەن پۆلیسی فەرەنساو نواندنی رەفتارێكی ناشیرین بەرامبەری، كە سووكایەتی بوو بۆ دەوڵەتی جەزائیر، بڕیاردرا بە دەركردنی 12 دیپلۆماتكاری فەرەنسی لەخاكی جەزائیر و دەیبَ لەماوەی 48 كاتژمێردا خاكی وڵاتەكەیان جێبهێڵن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن