راچڵەكین -
دەزگای هەواڵگریی ئوردن دەستگیركردنی چەندین كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە پیلانگێڕی دژ بە سەقامگیریی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
دەزگای هەواڵگریی ئوردن لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، ئاشكرایكردووە كە هێزەكانیان توانیویانە پیلانگێڕییەكی گەورە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەیان پووچەڵ بكەنەوەو 16 كەسیشیان بە تۆمەتی تێوەگلان لەو پیلانە دەستگیركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دەستگیركراوەكان لەڕێگەی دروستكردنی مووشەك لەناوخۆی ئوردن، پیلانیان داڕشتبوو بۆ نانەوەی پشێوی و تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی و زیانگەیاندن بە دامودەزگای حكومی.
دەزگای هەواڵگریی ئوردن بەبێ ئاشكراكردنی ناسنامەی دەستگیركراوەكان، ئاشكراشیكردووە، گروپە پیلانگێڕییەكە، چەك و تەقەمەنییەكی زۆریان پێ گیراوەو ژمارەیەك مووشەكیشیان حەشاردابوو كە ئامادەكرابوون بۆ بەكارهێنان لە كارە پیلانگێڕییەكەیان، جگە لە مەشقپێكردنی چەندین كەس لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بەمەبەستی ئامادەكردنیان بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە لەدژی ئوردن.
میدیاكاین ئوردن بڵاویانكردووەتەوە، لەماوەی رابردوودا چەندین هەوڵی پیلانگێڕی لەدژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە پووچەڵكراونەتەوە، مانگی ئایاری ساڵی رابردووش هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی ئوردن دەستیان بەسە ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنیدا گرت كە گروپێكی چەكداری سەر بە وڵاتێكی بیانی دەیویست بۆناوخۆی وڵاتەكە بیگوازێتەوە.