راچڵەكین-
شاندی دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەبارەی كۆبوونەوەكەی پیرمام دەڵێن:" گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كرا و هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو."
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی نیسانی 2025 شاندی دانووستانكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەهاوینەهەواری پیرمام كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە شاندی هەردوولا، راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە:" لە كۆبوونەوەكەدا، كە لە كەشێكی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كرا و هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو. لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن."
شاندی دانووستانكاری یەكێتی پێكهاتبوون لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز كۆسرەت رەسول، ڕێواز فایەق، شاڵاو شێخ سەڵاح، نزار ئامێدی و ئامانج ڕەحیم. هاوكات شاندی پارتی پێكهاتبوون لە هۆشیار زێباری، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق و ئومێد سەباح.