بەزمەكانی ترەمپ لەگەڵ ژنان كۆتاییان نایەت

هەمەڕەنگ

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 231

راچڵەكین-

بەزمو سەركێشییەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ژنان كۆتاییان پێ نایەت، ئەمجارەش دۆخێكی شەرمەزاركەری  لەگەڵ هاوسەری وەزیری تەندروستی و خزمەتە مرۆییەكانی ئەو وڵاتە خوڵقاند.

بەگوێرەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی، دۆناڵد ترەمپ لەكاتی ئامادەبوونی لە یاریەكی UFC314 كاتێك چووە هۆڵی یاریەكە بەگەرمی پێشوازی لێكرا، یەكێك لەو كەسانەش كە ترەمپ سڵاوێكی گەرموگوڕی لێكرد رۆبەرت كیندی جۆنیور-ی وەزیری تەندروستی ئەمریكا بوو.

ئەوەی دواتر بووە جێی سەرسوڕمان و بەخێرایی بڵاوبوەوە، تەوقەنەكردنی ترەمپ، لەگەڵ شیریل هاینز-ی هاوسەری كیندی بوو، كەلەهەمان كاتدا یەكێكە لە خانمە ئەكتەرە دیارەكانی ئەمریكا.

وەك لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، سەرەڕای ئەوەی هاینز دەستی تەوقەكردن بۆ ترەمپ درێژ دەكات، بەڵام ترەمپ گوێی پێ نادات و دەڕوات، ئەو خانمە ئەمریكییەش بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخە رزگار بكات دەست دەخاتە سەرشانی ترەمپ، بەو حاڵەش هەر ئامادە نەبوو ئاوڕێكی لێ بداتەوەو سڵاوێكی لێ بكات.

شیریل هاینز بەیەكێك لەو كەسانە ئەژمار دەكرا كەلەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ-دا زۆر رەخنەی لێدەگرت، هەرچەندە هاوسەرەكەی یەكێك بوو لەلایەنگرانی ترەمپ و بەشداری هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی دەكرد، بەڵام هاینز چەند جارێك ئاماژەی بەوەكردبوو، بۆچوونەكانی لەگەڵ هاوسەرەكەی لەبارەی ترەمپ وەك یەك نین و دژیەتی.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن