ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەری بەرگریکاری ئەڵمانی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید گەیشتە خاڵێکی سەرنجڕاکێش دوای ئەوەی لە خولی ئیسپانیا سەرکەوتنی بەسەر ئالاڤێس تۆمارکرد.
ڕیال مەدرید لە گەڕی 31ی خولی ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێوەڵام لە ئەلاڤێسی بردەوە و تەنها گۆڵەکەش کاماڤینگای فەڕەنسی کردی.
پێگەی فەرمی یانەی ڕیال مەدرید بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ ڕودیگەری تەمەن 32 ساڵ، ئێستا توانی 100هەمین یاری لەگەڵ یانەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بباتەوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕودیگەر لە هاوینی 2022 بە گواستنەوەی بێبەرامبەر لە یانەی چێڵسی پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە کردووە، لە 148 یاری لەگەڵ میرێنگی بەشداری کردووە و هەشت نازناویشی بەدەستهێناوە و 100 یاریشی بردووەتەوە.
ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەو 100 سەرکەوتنە دابەشکراوە بەسەر "65 سەرکەوتن لە لالیگا، 21 سەرکەوتن لە چامپیۆنزلیگ، 6 سەرکەوتن لە جامی شای ئیسپانیا، 3 لە جامی سوپەری ئیسپانیا، 2 لە جامی سوپەری ئەوروپا، 3 سەرکەوتن لە جامی جیهانی یانەکان".
زۆرترین بردنەوەی ڕودیگەر لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید وەرزی ڕابردوو بوو (2023-2024)، بە 35 بردنەوە، هەروەها ئەو تیپەی ڕودیگەر زۆرترین بردنەوەی لە بەرامبەردا بەدەستهێناوە بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ بووە، لە کۆی 6 یاریدا 6 بردنەوەی تۆمارکردووە.