ڕاچڵەکین سپۆرت -
تۆماس پارتی ئەستێرەی غانی، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ ڕایگەیاند، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی ڕیال مەدرید یاریی بۆ بردنەوە دەکەن.
ڕۆژی چوارشەممە هەردوو یانە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەیەک دەگەن. یاری چوون لە یاریگای ئیمارات بە بردنەوەی گەنەرز بە ئەنجامی 3-0 کۆتایی هات.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەی (زە میرەر)ی بەریتانیدا، پارتی دەڵێت، یارییەکەی بەرامبەر یانەی ڕیال مەدرید یەکێک دەبێت لە گەورەترین یارییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت متمانەمان بەخۆمان هەبێت، دەبێت بچینە ئەوێ و بە شێوازی خۆمان یاری بکەین و دەبێت هەوڵی بردنەوە بدەین، یارییەکە ئاسان نابێت.
ئەستێرەکەی ئارسیناڵ وتیشی: "ئێمە دەزانین ڕیال مەدرید لە هێڵی بەرگری و هێرشبردن چی کوالێتییەکیان هەیە".
یاریکردن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ؟ هەر یاریگایەک ترسناکە کاتێک لە باشترین ئاستی خۆتدا نیت، بەڵام دەزانین دەبێت چی بکەین.
پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە یاریی چوون گێمی یەکەمی یارییەکەیە، دەزانین لە مەدرید ئاسان نابێت.
لەکۆتاییدا ڕایگەیاند، ڕکابەرەکەمان هەندێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهانیان هەیە، بەڵام هەرکاتێک بە ستایلی خۆمان یاری بکەین، ئێمە باشترین تیپی جیهانین.