راچڵەکین-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێشنیارێک کراوە کە عێراق بوودجەی مانگانەی هەبێت نەک ساڵانە، ئەگەر واش بێت دەبێت هەرێم مانگانە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات.
شیروان میرزا، ئەمرۆ ٩-٥-٢٠٢٠، لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ شاندی هونەری وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی بەردەوامە، سەرقاڵی وردەکاری کۆمەڵێک بنەمان لەسەر بابەتی نەوت و دارایی، وا چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرە نوێیەکان ئەنجامبدەن، تا رادەیەکیش جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەبوو لەگەڵ وەزیری پێشووتری نەوت.
وتیشی:" مەسەلەی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان بەلای عیراقەوە گرنگە، شاندی هەرێمیش لەسەر هەردووکیان ئامادەی گفتوگۆن،بەڵام بە پێی وردەکارییەکان گفتوگۆ و رێککەوتنی لەسەر دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد" پێشنیارێک هەیە کە عێراق یاسای بودجەی ساڵانەی نەبێت بەڵکو مانگانەی هەبێت، بەپێی داهاتی نەوت و ناوخۆ مانگانە بوودجەی هەبێت، تا ئەوکاتەی دەزاندرێت نرخی نەوت چی لێدێت، ئەگەر واشبێت دەبێت هەرێم مانگانە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات، تا بزاندرێت نرخی نەوت و بوودجەی عێراق چی لێدێت".
میرزا، سەبارەت بە راگرتنی خەرجکردنی هەموو بڕە پارەیەک لە لایەن حکومەتەوە بە نووسراوێک ووتیشی: ئەوە نووسراوێکی ئاساییە، چونکە بابەتی دارایی هەستیارە بۆ ئەوەی لەم دوو رۆژەدا فرسەتی ئەوە نەهێندرێت پارەیەکی زۆر خەرجبکرێت بۆ شوێنێک، بەڵام حکومەتی تازە دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە.
ناوەراستی مانگی نیسانی رابردوو، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە راگرتنی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی دەكرد، بەپاساوای پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ.
رۆژی ٢٨-٤-٢٠٢٠، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدادی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن و دوای گەڕانەوەشیان رایانگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبن، رۆژی ٥-٥-٢٠٢٠، جارێکی دیکە شاندی حکومەتی هەرێم گەرانەوە بەغدا و تا ئێستاش لەوێ ماونەتەوە و نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە و خەرجییەكانی پێویستی بە یەك ترلیۆن و 70 ملیار دینارە، لەوەش نزیكەی 885 ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخان دەكرێت.
51%ـی مووچە لە بەغداوە دابین دەكرێت كە مانگانە452 ملیار دینارە، 49%یشی لە ناوخۆی كوردستانەوە دابین دەكرێت، كە بڕەكەی 360 ملیار دینارە، زۆربەی ئەو بڕە پارەیەش لە داهاتی نەوتە، 60 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی و 25 ملیار دیناریشی دیاری ئەمریكییەكانە بۆ هاوكاری پێشمەرگە.