ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەنخێل دی ماریا ئەستێرەی پێشووی یانەی یۆڤانتۆس، بێدەنگی خۆی شکاند سەبارەت بە تێوەگلانی لەسەر گرەوکردن لە ماوەی مانەوەی لە ئیتاڵیا.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە چەندین ڕاپۆرت دەرکەوتووە سەبارەت بە تێوەگلانی 12 یاریزان کە لەم دواییانەدا لە ئیتاڵیا یارییان کردووە، گومانیان لێدەکرێت دەستیان لە چالاکییەکانی گرەوکردنی نایاساییدا هەبێت.
لەنێو ئەو یاریزانانەی کە گومانی تێوەگلانیان لەسەرە، ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی، نیکۆلۆ زانیۆلۆ، ماتیا پێرین، وێستۆن مەکێنی، لیاندرۆ پارێدێس و دی ماریا و بیلانۆڤا و ڕیچی و بۆنایۆتی و کانسیلیری و جۆنیۆر ڤیربۆن.
ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە دوای ئەوەی هەواڵەکەی لەبارەی ئەوەوە زانی، ویستی لەڕێگەی چیرۆکێکەوە کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، بابەتەکان ڕوون بکاتەوە.
ئەنخێل نووسیویەتی "پێش ئەوەی هەر هەواڵێک لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبکرێتەوە، دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە کە هەرگیز گرەوێکی نایاساییم بە هیچ جۆرێک نەکردووە".