دەرباز كۆسرەت رەسوڵ زانیاری لەبارەی پێكهێنانی حكومەت ئاشكرا دەكات

کوردستان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 203

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

راچڵەكین -

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رایدەگەیەنێت: ئومێد دەكەین بەزووترین كات بگەینە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە لەئاست متمانەی خەڵكدا بێت و خۆی بۆ هەموو گۆڕانكاری و پێشهاتەكان ئامادە بكات، یەكێتیش لەكوێ پێویستی بە من بێت لەوێ ئامادە دەبم.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نوێترین زانیاری لەبارەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئاشكراكرد و رایگەیاند: لەدوایین كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی، لەسەر رەشنووسی دیدگای هاوبەش رێككەوتین و قۆناغی داهاتووش دابەشكردنی ئەركەكان دەبێت.

وتیشی:" هێشتا وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان یەكێتی و پارتی دیاری نەكراوە، بەڵام ئومێد دەكەین بەزووترین كات بگەینە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە لەئاست متمانەی خەڵكدا بێت و بتوانێت خۆی بۆ هەموو گۆڕانكاری و پێشهاتەكان ئامادە بكات".

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئاماژی بەوەشكرد، ئێمە ئەزمونێكی دوور و درێژمان لەكاركردنی هاوبەش هەبووە، لەهەندێ قۆناغدا سەركەوتوو بووین و لەهەندێ قۆناغیشدا كەموكوڕی هەبووە، وتی:" بۆیە نەمانویستووە ئەمجارە لەم پرۆسەیەدا پەلەپەل بكرێت، بەڵكو ئەو دیدگا هاوبەشەی كە هەردوولا هەمانبووەو ئەو بەرنامەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەمانبووە، بتوانین لەكارنامەی حكومەتدا جێبكەینەوەو هەردوولا لەسەری رەزامەند بین".

لەبارەی وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نوێی حكومەت، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: تائێستا هیچ گفتوگۆ و قسەوباسێك لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوەو هیچ بڕیارێكیش نەدراوە، یەكێتیش لەكوێ پێویستی بە من بێت لەوێ ئامادە دەبم.

جەختی لەوەشكردەوە كە "ئێمە وەك یەكێتی و برادەرانی پارتی و ئەو لایەنانەش كە بڕیارە بێنە ناو پرۆسەكە، دبێ هەموولایەكمان رازی بین لەسەر ئەو ئەركانەی كە دابەشدەكرێت، پێمان باشە هەموو هێز و لایەنە كوردستانییەكان، بە یەكێتی و پارتی و ئیسلامییەكان و ئەو لایەنانەش كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، لەسەر دیدگایەكی هاوبەش رێكبكەوین، چونكە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ئەوەمان لێدەخوازێت".

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وتیشی:" دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە، كە مەترسیش هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ئێمە بەشێكین لە عیراق، ئەوەی لەناوچەكە دەگوزەرێت لەوانەیە سبەینێ پریشكی بەر هەرێمیش بكەوێت، بۆیە گرنگە دیدگایەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەنووسی هەرێمەكەمان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن