ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و یاشار گولەر ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 142

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا، ئاشكرا دەكات كە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، هاریكاریی هاوبەشی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بووە و بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە.

پێشنیوەڕۆ‌ی ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا لە كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا، كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە، تاوتوێ كرا، هەروەها دەربارەی بارودۆخی عێراق و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، بیروڕایان گۆڕییەوە.

هەردوولا پرۆسەی ئاشتییان لە توركیا بە گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا و جەختیان لە گرنگیی كاركردن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كردەوە، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی برەودان بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە كێشەكان و ئاڵۆزیی زیاتر.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، چەند پرسێكی دیكەی مایەی بایەخی هەردوولا، باس كران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن