راچڵەكین -
حكومەتی ئەڵمانیا گوژمەیەكی دیكەی هاوكاری سەربازیی بۆ ئۆكراینا رادەگەیەنێت، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، جگە لەو كەلوپەلە سەربازییەی كە ئەمساڵ بەبەهای حەوت ملیار یۆرۆ پێشكەشی سوپای ئۆكراینای دەكەین، تاساڵی 2029 بەبڕی هەشت ملیار یۆرۆی دیكە چەك تەقەمەنی بەو وڵاتە دەبەخشین.
بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەرلین لە پێشكەشكردنی هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ ئۆكراینا بەردەوام دەبێت و وەك پێشتر بەڵێنمان بە كیێڤ دابوو، تا كۆتایی ئەمساڵ بەبڕی حەوت ملیار یۆرۆ چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازیی پێشكەشی سوپای وڵاتەكەیان دەكەین.
وتیشی:" تاساڵی 2029، بەبڕی هەشت ملیار یۆرۆی دیكە كەرەستەی سەربازی رەوانەی ئۆكراینا دەكەین لەپێناو بەهێزكردنی سوپای وڵاتەكەیان و بتوانن بەرگریی لەخۆیان بكەن".
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد، ئەو چەك و تەقەمەنییانەی كە لەچەند مانگی داهاتوودا رەوانەی پێشكەشی ئۆكراینای دەكەن، بریتییە لە سیستمی دژە فڕۆكە و مووشەكی ئاڕاستەكرا و 300 دۆرنی چاودێری، جگە لە دەیان تانك و زرێپۆش و تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی و راداری پێشكەوتوو.
ئەڵمانیا جگە لەوەی یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین پەنابەری ئۆكراینای لەماوەی سێ ساڵی رابردوو وەرگرتووە، كە بەهۆی هێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەكەیان، ئاوارە بوون و پەنایان بۆ ئەوروپا بردووە، هاوكات لەسەر ئاستی ئەورپاش زۆرترین هاوكاری دارایی و لۆجستی پێشكەشی ئۆكراینا كردووە، پێشتریش راوێژكاری ئەڵمانیا بەڵێنی بە سەرۆكی ئۆكراینا دابوو كە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنیان تا ئەوكاتە شەڕ كۆتایی دێت و دەسەڵات بەسەر تەواوی خاكە داگیركراوەكەیاندا دەگرنەوە.