راچڵەكین -
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتووی بڵاوكردەوەو یەكەم بڕگەی دانیشتنەكەی دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 14-4-2025، كاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك.
فەرمانگەی كاروباری پەرلەمانیی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی بڵاوكردەوە، كە یەكەمین بڕگەی دانیشتنەكە بریتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كە چەندین جارە بەهۆی بیانووی جۆراوجۆر، پڕۆژەیاساكە پەسەند ناكرێت.
پێشتر سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریان دابوو بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن ئەگەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكان و دەنگی لەسەر نەدرێت.