ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی ڕیال مەدرید بە سەرکردایەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵی بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، لە گەڕی 31ی خولی ئیسپانیا.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە ڕاهێنانەکانی یانەی ڕیال مەدریددا دانی سیبایۆس یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی مێرێنگی، بەتەواوی ڕاهێنانە بە کۆمەڵەکانی ئەنجامداوە.
دانی ماوەیەکە لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، پێشبینیش دەکرا بگەڕێتەوە بۆ یاری چوونی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ڕۆژی سێشەممە بەرامبەر ئارسیناڵ، بەڵام نەیتوانی ئامادەبێت.
مۆندۆ دیبۆرتیڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای چەندین مەشق و ڕاهێنان بە تاکە کەسی دانی سیبایۆس سێیەم مەشقی خۆی لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هاوڕێکانی لە مەشقی گروپیدا تەواوکرد".
بڕیارە سیبایۆس ئامادەبێت بۆ گەشتکردن لەگەڵ ڕیال مەدرید بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالاڤێس، بۆ ئەوەی باشتر خۆی بۆ یارییە گرنگەکەی بەرامبەر گەنەرز ئامادە بکات لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیال مەدرید بەهۆی ئامادەنەبوونی سیبایۆسەوە کاریگەری زۆری لەسەر هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیال مەدرید دروستکردووە، گەڕانەوەی ئەو یاریزانە ڕەنگە هەندێک ئیسراحەت بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەکە دابین بکات، کە چەند کاتێکی ناخۆشی لە یانەکەی بەسەربردووە.