راچڵەكین -
رێكخراوە ناوخۆییەكانی فەلەستینی هۆشداریی لە قەیرانی برسییەتی لە كەرتی غەززە دەدەن، ئەمەش دوای نەمانی ئاو و خۆراك و كەرەستەی پزیشكی و لەكاركەوتنی سەرجەم نانەواخەكان بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە.
تۆڕی رێكخراوە ئەهلییەكانی فەلەستین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئێستادا كەرتی غەززە كەوتووەتە قۆناغی برسییەتیەوەو كۆگاكانی خۆراك و پێداویستی پزیشكی كۆتایی هاتووەو هیچ خۆراكێك نەماوە بدرێتە دانیشتووانی كەرتەكە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، تەواوی نانەواخانەكانی كەرتی غەززە بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە لەكاركەوتوون و زۆرێك لە چێشتخانەكانیش كە بەخۆڕایی خواردنی بە هاووڵاتیان دەدا، داخراون.
تۆڕی رێكخراوە ئەهلییەكانی فەلەستین، داوای لە دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین و نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كەرتی غەززە وەك ناوچەیەكی كارەساتبار بناسێنێت و بەرپرسیارییەتی ئەو دۆخە ناهەموارەش بگرنە ئەستۆ كە دووچاری دانیشتووانی كەرتە بووەتەوە.
لەدوای شكستهێنانی بڕاری ئاگربەست لە كەرتی غەززەو دەستپێكردنەوەی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە سنوورەكانی كەرتی غەززە بەڕووی گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی داخراوەو حكومەتی ئیسرائیل رێگە نادات خۆراك و سووتەمەنی بۆ دانیشتووانی كەرتی غەززە بچێت.