ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەبێ نوێنەرانی كورد كۆدەبێتەوە

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین-

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داواكاری مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە كۆدەبێتەوە، نوێنەرانی كوردیش بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025 ئەنجوومەنەكە لەبارەی پرسی داواكاری مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە، كۆدەبێتەوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەكە كاتژمێر 13:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێت، هاوكات داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە كراوە كە ئامادەی كۆبوونەوەكەبن.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بڕیاری پێشوەختەیان بەبایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە، تا ئەو كاتەی دەنگ بەپرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامە كۆبوونەوەكانەوە.

چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنەری هەڵەبجە، رایگەیاندووە:" سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكهەڵوێستن و بڕیاریان داوە، تاوەكو دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی كار، بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ناكەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن