راچڵەكین -
سوپای ئسرائیل لە جێبەجێكردنی پلانەكانی بۆ كۆچپێكردنی ئارەزوومەندانەی دانیشتووی كەرتی غەززە بەردەوامە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: لەڕێگەی دروستكردنی رێڕەوی نوێ، شارەكانی كەرتی غەززە لەیەكتر دادەبڕین.
یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەمیانی بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رێڕەوی مراج لەنێوان هەردوو شاری رەفەح و خان یونس لەكەرتی غەززە، رایگەیاند: پلانەكانمان لەبارەی چۆڵكردنی كەرتی غەززە بەشێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو جێبەجێ دەكەین و دەبێ دانیشتووانەكەی رەوانەی وڵاتانی تر بكرێن.
وتیشی:" لەڕێی كردنەوەی رێڕەوی نوێ، شارەكانی كەرتی غەززە لەیەكتر دادەبڕین و هاتووچۆكردن لەنێوانیان قەدەغە دەكەین، بەم جۆرەش كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە باشتر دەكرێت و جموجۆڵەكانی چەكدارنی حەماسیش بەتەواوەتی بنبڕ دەكرێت، هەروەها گوشاری زیاتریش دەخەینە سەر ئەو گروپە بۆ ئازادكردنی تەواوی بارمتەكانمان".
لێدوانەكەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەكاتێكدایە رۆژنامەی هائارتس-ی ئەو وڵاتە پلانێكی سوپای ئیسرائیلی بڵاوكردبووەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری رەفەح و كردنی بە ناوچەیەكی قەدەغەكراو و چۆڵكردنی لە تەواوی دانیشتووانەكەی.
یسرائیل كاتس جەختی لەوەشكردەوە كە ئەگەر هاتو لە داهاتووشدا لەگەڵ حەماس گەیشتنە رێككەوتن، هێزەكانیان لە شاری رەفەح و ئەو ناوچانەی تری كەرتی غەززە ناكشێنەوە، كە ئێستای بە تەواوەتی دەستیان بەسەریدا گرتووە.