ئێران ئامادەكاری دەكات بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریكاو ئیسرائیل

ڕاپۆرت

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 241


راچڵەكین-

دوای هەڵكشانی هەڕەشەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئەگەر بێتو رێگای دانووستان و گفتوگۆ هەڵنەبژێرێت، لەئێستادا تاران لەچەند بەرەیەكەوە هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ بەهێزكردنی توانا ئاسمانی و پاراستنی ناوچە ستراتیژییەكانی بەتایبەت لە باشوری خۆرهەڵات و گەرووی هورمز.

لەرێی چەند ئاشكراكەر" رادارێك"ی نوێوە بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر دەكات

بەگوێرەی چەند وێنەیەك كە مانگە دەستكردە بازرگانییە نوێیەكان نیشانیان داوە، ئێران لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سیستمێكی نوێی راداری لەجۆری " غەدیر" لە پارێزگای ئازەربیجانی خۆرئاوا بونیات ناوە.

ئەم ئاشكراكەرە نوێیانە لە جۆری  phased-array  پێشكەوتوون، مەودایەكی ئاسمانی بەرفراوان كۆنترۆڵ دەكەن، لەتوانایاندایە لە دوورییەكی زۆرەوە هەندێك ئامانجی وەك فڕۆكەو مووشەك دیاری بكەن، وەك ئەوەی یەكەی توێژینەوەی كریتیكاڵ سریتس-ی سەر بە پەیمانگای " ئەمێركان ئینتەرپرایز"  ئاشكرای كردووە.

هاوكات چەند شیكەرەوەیەك رایانگەیاندووە،  ئێران لەنزیك كەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز، دوو سیستمی راداری هاوشێوەی جێگیركردووە، لەهەنگاوێكدا بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەی لەئاكامی هێرشە مووشەكییەكەی ئیسرائیل لەساڵی 2024 لەو ناوچەیە ئەنجامیدا كەبەهۆیەوە دوو راداری ئێران لە باشوری خۆرئاوای تێكشكێنران.

سەردانی مەیدانی و هەڵسەنگاندنی سەربازی

لەئاماژەیەكی رووندا بۆ هەڵكشانی ئاستی ئامادەیی، هەریەك لە لیوا عەلی رەزا سەباحی فەرد- فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای ئێران و عەمید ئەمیر عەلی حاجی زادە- فەرماندەی هێزی ئاسمانی سەردانی چەند مۆڵگەیەكی بەرگری دوورگەكانی باشوری ئێرانیان كرد. لەو سەردانانەشدا توانای جەنگی و ئەو یەكانە هەڵسەنگاندنیان بۆكرا كە لە " ناوچەی بەرگری ئاسمانی باشوری خۆرهەڵات" بوونیان هەیە.

دانانی مووشەك لە چەند بنكەیەكی ژێر زەوی

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنامەی  Tehran Times  كەوتووە، ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكی كورت و دوور مەودا، لەچەند بنكەو دامەزراوەیەكی ژێر زەوی ئامادەكراون تا ئامادەی هاوشیتن بن لەكاتی دەرچوونی فەرمانی پێویست، دانانی ئەو مووشەكانەش لەژێر زەویدا، توانای بەئامانجگرتنیان سەخت دەكات.

ئەو ئامادەكارییەی ئێران لەكاتێكدا دێت، لەدوای گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام  ترەمپهەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئێران دەكات ئەگەر هاتوو ئەو وڵاتە رازی نەبێت بەمەرجەكانی ئەمریكا لەبارەی رێكەوتنی ئەتۆمی كە خۆی دەبینێتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەتەواوی و هەڵپەساردنی پشتیوانیكردنی " بەرەی موقاوەمە" و وەستاندنی بەرنامەی مووشەك و درۆنەكانی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن