راچڵەكین-
ژمارەیەك لەو گروپە چەكدارە عیراقیانەی كەبەوە ناسراون لەلایەن "ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن"، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە چەك دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، وەك هەنگاوێكی خۆپارێزی لەهەڕەشەكانی ئەمریكا.
زیاتر لە 10 سەركردەو بەرپرسی عیراقی بە ئاژانسی رۆیتەرز-یان راگەیاندووە، بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیاندا، ئەو گروپانە ئامادەی چەكدانانن، بۆ خۆ دوور گرتن لە هەڵكشانی بارڤرژییەكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.
شەش لەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز كردووە، سەركردەی چوار گۆروپی چەكدارین و ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو هەنگاوەیان دوای ئەو هۆشداریانە دێت كە بەرپرسانی ئەمریكا بە نافەرمی بەحكومەتی عیراقیان داوە لەو كاتەی ترەمپ دەسەڵاتی ئەمریكای گرتووەتەوە دەست:" ئەگەر بێتو بەغدا هەنگاوی جددی نەنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانە ئەوا واشنتۆن لەرێی هێرشی ئاسمانییەوە دەیانكاتە ئامانج."
عیززەت شابەندەر، سیاسەتمەداری شیعە مەزهەب و نزیك لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆیتەرز-ی راگەیاندووە، گفتوگۆكانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو گروپە چەكدارانە هەنگاوی باشیان بڕیوە بەئاراستەی چەكدانان و چوونە ژێرباری داخوازییەكانی ئەمریكا.
سەركردەی ئەو شەش گروپە چەكداریەی قسەیان بۆ رۆیتەرز كردووە سەر بە كەتائیبی حیزبوڵا- بزووتنەوەی نوجەبا- كەتائیبی سەید شوهەدا و بزووتنەوەی ئەنسار الله ئەوفیا بوون.
بەووتەی ژمارەیەك لەو بەرپرسە ئەمنییە عیراقیانەی چاودێری جموجوڵی گروپە چەكدارەكان دەكەن، ئەو گروپانەی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ چەكدانان سەر بە ( هاوپەیمانی مقاوەمەی ئیسلامین لە عیراق) كە نزیكەی 10 گروپی چەكداری توندڕەوی شیعە لەخۆدەگرێت و نزیكەی 50 هەزار چەكداریان هەیەو چەندین جۆری قروس و سوكیان لەبەردەستدایە.
ئەو گروپانەش لەدوای سەرهەڵدانەوەی جەنگی غەززە، چەندین جار لەرێی مووشەك و درۆنەوە هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل و ئەو هێزە ئەمریكیانەی لە عیراق و سوریا بوونیان هەیە.