راچڵەكین -
كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵمەتێك بۆ دەركردنی هاووڵاتییە ئەفغانییەكانی نیشتەجێی وڵاتەكەی دەستپێدەكات و بەرپرسێكی وڵاتەكەش ئاشكرایدەكات تائێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری ئەفغانی رەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە.
نادر یارئەحمەدی، راوێژكاری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ كاروباری بیانییەكان و پەنابەران، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، بەپێی داتاكان، زیاتر لە شەش ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی روویان لە ئێران كردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر مۆڵەتی فەرمیی مانەوەیان نییە.
بەرپرسەكەی ئێران ئاماژەی بەو كێشەو گرفتانە كرد كە بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەری ئەفغانستانی لەسەر ئابووری وڵاتەكەی كرد كە كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی، جگە لە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و زیادبوونی ماددەی هۆشبەر.
یارئەحمەدی وتیشی:" لەچوارچێوەی رێكخستنەوەی پرسی پەنابەران، تائێستا توانراوە زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لەخاكی ئێران دەركراون و رەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە".