راچڵەكین -
هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەسنووری گەرمیان، كۆتایی بە حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعش دەهێنن و دەستبەسەر چەند ئامێرێكی پەیوەندیكردن و چەند پەڕاوێكدا دەگرن كە زانیاری تێدا تۆماركراوە.
فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 3-4-2025، هێزەكانیان لەرێگەی سەرچاوە و زانیاری ووردی هەواڵگری، لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان، لە سنووری گەرمیان و بەدیاریكراوی بەرزاییەكانی دوراجی، دەستیان بە كێوماڵكردنی ناوچەكە كرد و ژمارەیەك تونێل و حەشارگەی تیرۆریستان، كە شوێنی حەوانەوە و هەڵگرتنی ئازوقە و بەندینخانەی كاتی بوو، خاپوور كرد و یەكێك لە حەشارگەكانیان تەقاندەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەكاتی كێوماڵكردنەكەدا و بەهۆی سەختی شوێنەكە و نەبوونی رێگەی ئۆتۆمبێل، سوود لە ئامێری شۆفڵ بینرا بۆ دروستكردن و چاككردنی ڕێگاكە، تا هێزەكان بتوانن بگەنە ئامانجەكان، هاوكات لە ئاسمانەوە فڕۆكەی هاوپەیمانان چاودێریی كۆی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد.
هێزەكانی كۆماندۆ لە یەكێك لە تونێلەكانی داعش، دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكی پەیوەندیكردن و چەند پەڕاوێكدا گرت، كە زانیاری تێدا تۆماركراوە، بە كۆتا هاتنی ئۆپەراسیۆنەكەش تەواوی حەشارگە و مۆڵگەكانی تیرۆریستان لەو ناوچەیە لەناوبراون و هیچ ئاسەوارێكیان نەما.