ئەمریكا دوایین هۆشداریی بە رووسیا دەدات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 360

ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

راچڵەكین –

ئیدارەی ئەمریكا هۆشداریی بە رووسیا دەدات لە دواخستنی پرۆسەی ئاشتی و رێككەوتن بۆ كۆتایی جەنگ لە ئۆكراینا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: دۆناڵد ترەمپ ناكەوێتە ناو تەڵەی دانوستانی بێ كۆتایی و لەوانەیە چەند هەفتەیەكی تر ئارام بگرێت.

ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی وەزییرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ، رایگەیاند: خەریكە ئارامیی سەرۆك ترەمپ بەرامبەر رووسیا كۆتایی دێت لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆكراینا و راگرتنی شەڕ.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی:" دۆناڵد ترەمپ چیتر شێوازی دەستی دەستپێكردنی ڤلادیمێر پوتین لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراینا، قبووڵ ناكات و لەوانەیە چەند هەفتەیەكی تر ئارام بگرێت بۆئەوەی جددیەتی رووسیا بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ ببینێت".

رۆبیۆ ئاماژەی بەوەكرد كە ئۆكراینا خواستی خۆی بۆ راگرتنی تەواوەتی شەڕ نیشانداوە، لەپێناو دۆزینەوەی رووبەرێك بۆ دانوستان، وتی:" بەڵام سەرۆك ترەمپ ناكەوێتە ناو تەڵەی دانوستانی بێ كۆتایی و دەبێ ئەنجامەكەی لەسەر ئەرزی واقیع ببینین".

لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە سەرباری ئامادەیی رووسیا بۆ رێككەوتنی ئاشتی، بەڵام تائێستا ئەو وڵاتە لە هێرشەكانی بۆسەر خاكی ئۆكراینا بەردەوامەو سوپاكەشی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین شارۆچكەی دیكەی ئۆكراینای كۆنترۆڵكردووەو هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.

دۆناڵد ترەمپ لەدوای بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند: لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا دەهێنم و ئاشتی لەناوچەكە بەرقەرار دەكەم.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن