كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكەنەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 178

راچڵەكین -

لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێدەكاتەوە، وتەبێژی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: بەلامانەوە گرنگە لە زووترین كاتدا كابینەی دەیەمی حكومەت پێكبهێندرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە، پاش پشووەكانی جەژنی رەمەزان، كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای دانوستانی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەكانی رابردوودا رێككەوتن لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان كراوە و چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەكانی داهاتوویاندا لەسەر كۆی بڕگەكانی پێكهێنانی حكومەت بگەنە رێككەوتن.

وتەبێژی یەكێتی جەختی لەوەكردەوە، كە وەك یەكێتی بەلایانەوە گرنگە لە زووترین كاتدا كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم پێكبهێندرێت.

لەماوەكانی رابردوودا هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاشكرایانكرد كە لێكتێگەیشتنی هاوبەش و رێككەوتنی سەرەتایی لەسەر زۆربەی تەوەرەكان هاتووەتە ئاراوە و ئەنجامی كۆبوونەوەكان دەخرێتە بەردەستی لیژنەی باڵای دانوستانكاری هەردوولا بەمەبەستی پەسەندكردنی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن