راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا دەكات و وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی پێكهێنانی حكومەتی ئەو وڵاتە، راشیدەگەیەنێت: پێوستە سەرجەم پێكهاتەكانی سووریا بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەكەدا بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامدا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی سووریای لە ئەحمەد شەرع كرد و جەختیشی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق كردەوە بۆ وەستان لەپاڵ بژاردەكانی گەلی سووریا و رایگەیاند: گرنگە پرۆسەی سیاسی لە سووریا سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لەخۆبگرێت و بە ئاڕاستەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەو ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت، لەپێناو ئایندەیەكی سەقامگیر لە سووریا و تەواوی ناوچەكە.
سەرۆكوەزیرانی عیراق پشتیوانی خۆیشی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و دژایەتیكردنی هاتنەناوەوەی ئیسرائیل بۆناو خاكی ئەو وڵاتە دەربڕی، وتیشی:" پێویستە بەغدا و دیمەشق هەماهەنگی هاوبەشیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی داعش و هاوكاربن لە بواری ئابووری".