راچڵەكین -
سوپای چین لە دەوروبەری دورگەی تایوان، دەستی بە ئەنجامدانی مانۆڕێكی گەورەی سەربازیی كرد و تێیدا نوێترین چەكە دەریایی و ئاسمانیی و مووشەكەكانی تاقیدەكاتەوە.
میدیاكانی چین بڵاویانكردەوە، سوپای ئەو وڵاتە بە بەشداریی هێزەكانی دەریایی، زەمینی و ئاسمانی، مانۆڕێكی لەناوچە ئاوییەكانی دەوروبەری تایوان دەستپێكرد، كە بە گەورەترین مانۆڕی سەربازیی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو دادەنێت.
فەرماندەی بەرەی ڕۆژهەڵاتی سوپای ڕزگاری میللی چین، كە بەرپرسیارە لەو شوێنەی تایوانی لێیە، رایگەیاندووە، یەكەكانی سەر بە هێزەكانی زەمینی، ئاسمانیی، دەریایی و مووشەكی سەربە فەرماندەییەكە بەشداریان لەو مانۆڕەدا كردووە.
وتیشی:" مانۆڕەكە دەبێتە هۆشدارییەكی توند و رێگرییەكی بەهێز بۆ هێزە جوداخوازەكان كە بەرگریی لە سەربەخۆیی تایوان دەكەن، ئەوەش كارێكی رەوا و پێویستە بۆ پاراستنی سەروەریی چین و یەكێتی نیشتمانیی وڵاتەكەمان".
مانۆڕە سەربازییەكەی چین هاوكاتە لەگەڵ پلانەكەی حكومەتی تایوان بۆ خۆپڕچەككردن و بەهێزكردنی توانا بەرگرییە سەربازییەكانی، ئەوەش وەك ئامادەكارییەكە بۆ هەر هێرشێكی لەناكاوی سوپای چین كە تائێستاش دان بە حكومەتی تایواندا نانێت و دورگەكە بە بەشێك لە خاكی خۆی دەناسێنێت.