ئیمارات بكوژانی حاخامێكی ئیسرائیلی لە سێدارە دەدات

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 219

راچڵەكین -

دوای ئەوەی ئیمارات چوار كەسی بە تۆمەتی رفاندن و كوشتنی حاخامێكی ئیسرائیلی دەستگیركرد، دادگای ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ لە تاوانبارەكان سەپاند و تاوانباری چوارەمیش بە زیندانی هەتاهەتایی حوكمدرا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات (وام) بڵاویكردەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەبوزەبی لەسەر كەیسی رفاندن و كوشتنی حاخامێكی جولەكەی نیشتەجێی ئیمارات بەناوی تزیڤی كۆگان، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائلی و مۆلدۆڤی بوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ تاوانباردا سەپاند كە پێشتر لەلایەن پۆلیسی ئیماراتەوە دەستگیركرابوون.

تاوانباری چوارەم كە لەسەر هەمان كەیس دەستگیركرابوو، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

كۆتایی مانگی 11ی ساڵی 2024، حاخامە ئیسرائیلییەكە لە رووداوێكی تەمومژاویدا ونبوو، دواتر تەرمەكەی دۆزرایەوەو ئەوكات حكومەتی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا كوشتنی ئەو حاخامەی بە كردەوەیەكی تیرۆریستی وەسفكرد و داواشی لە حكومەتی ئیمارات كرد بكوژەكان بدۆزێتەوە، دوای چەند رۆژێك لە تاوانەكەش، پۆلیسی ئیمارات رایگەیاند كە سێ تۆمەتباری سەرەكیی دەستگیركردووە، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئۆزباكستانن و دەستیان لە كوشتنی تزیڤی كۆگان هەبووە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن