راچڵەكین-
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل خواستی خۆی بۆ جێبەجێكردنی " پلانی كۆچكردن" لەغەززە ئاشكرا كرد، ئاماژەی بەوەشكرد:" حەماس چەك دادەنێت، لەبەرامبەردا ڕێ بە سەركردەكانی دەدرێت لە كەرتی غەززە بچنە دەرەوە."
بنیامین ناتانیاهۆ، لەوتەیەكدا كە لەكۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل پێشكەشیكرد، باسی لەجەنگی غەززە، رووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی و گروپی حوسییەكانی یەمەن كرد.
لەبارەی جەنگی غەززە ناتانیاهۆ وتوویەتی:" ئەو پلانە سەربازیەی لەو كەرتە جێبەجێكراوە، سەركەوتوو بووە، بەجۆرێك توانا سەربازی و حكومییەكانی حەماس-ی لەناوبردووە، لەهەمان كاتدا كەشێكی گونجاو بۆ ئازادكردنی بارمتەكان دێنێتەوە ئاراوە، ئەوەش ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین."
ئاماژەی بەوەشكرد:" ئامادەین بۆقسەكردن لەسەر قۆناغی كۆتایی جەنگەكە، حەماس چەكەكانی دادەنێت و رێ بەسەركردەكانی دەدرێت لە غەززە بچنە دەرەوە."
سەرۆكوەزیراین ئیسرائیل روونیكردەوە:" دۆخی گشتی ئاسایش لەغەزە دەگرێنە ئەستۆ، پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا جێبەجێ دەكەین ( پلانی كۆچی ئارەزوومەندانە) ئەمە ئەو پلانەیە كە نایشارینەوەو ئامادەین قسەی لەسەر بكەین."