پلانێكی ئیسرائیل لەبارەی كەمپی ئاوارەكانی فەلەستین ئاشكرا دەبێت

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 142

راچڵەكین -

پلانێكی سوپای ئیسرائیل بۆ كۆنترۆڵكردنی كەمپی ئاوارەكان لە هەردوو شاری جنین و توڵكەرەم لە كەناری رۆژئاوا، ئاشكرا دەبێت و میدیایەكی ئەو وڵاتەش بڵاویدەكاتەوە، پلانەكە بۆ لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو كەمپەیە.

پێگەی (والا)ی عیبری بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل بەنیازە كەمپی ئاوارەكانی فەلەستین لەهەردوو شاری جنین و توڵكەرەم لە كەناری رۆژئاوا لەبەریەك هەڵبوەشێنێتەوە، بۆئەوەی بتوانێت بەتەواوەتی كۆنترۆڵیان بكات و رێگەش لە هاتووچۆكردنی چەكدارە فەلەستینییەكان بگرێت.

سوپای ئیسرائیل كە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بۆسەر كەمپی ئاوارەكان لە كەناری رۆژئاوا دەستپێكردووەو بەشێكی زۆری باڵەخانە و خانووەكانی ئەو كەمپانەی خاپوور كردووە، بەڵام بەهۆی كردنی ئەو كەمپانە وەك پەناگەیەكی بەهێز لەلایەن چەكدارە فەلەستینییەكان، سوپای ئیسرائیل دووچاری ئاستەنگێكی زۆر بووەتەوەو ناتوانێت بە تەواوەتی دەستیان بەسەردا بگرێت.

پێگە عیبرییەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سوپای ئیسرائیل لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی دەستگیركردن یان كوشتنی سەركردەو چەكدارە فەلەستینییەكان، ناچار دەبوو هێزی نهێنی خۆی رەوانەی كەمپی ئاوارەكان بكات، بەمەش هێزەكانی دووچاری مەترسی دەبوونەوە، بەو پێیەی چەكدارەكان بە ئاسانی توانای جموجۆڵكردنیان هەبوو لە خۆحەشاردان و كشانەوە بۆ گوند و ناوچەكانی نزیك لە كەمپەكان.

بۆ رێگریكردن لە هاتووچۆكردنی چەكدارە فەلەستینییەكان سوپای ئیسرائیل پلانی داناوە بۆ لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی كەمپی ئاوارەكان و خاپووركردنی ئەو رێگا نهێنییانەی كە چەكدارە فەلەستینییەكان دروستیانكردووەو لەوێوە بەبێ كێشە هاتووچۆی تێدا دەكەن، پلانەكە بریتییە لە تێكدانی هەندێ ناوچەی كەمپەكان و دروستكردنی رێگای نوێ و فراوانكردنی شەقامەكان، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە هێزەكانی ئیسرائیل بتوانن لەچەندین لاوە و بە ئۆتۆمبێلی گەورەی سەربازییەوە هێرش بكەنە سەر كەمپەكان و كۆتایی بە بوونی چەكدارە فەلەستییەكان بهێنن.

پێشتر سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكردبوو، لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەیان بۆسەر هەردوو كەمپی ئاوارەكان لە جنین و توڵكەرەم، تائێستا 88 چەكداری فەلەستینی كوژراون و نزیكەی 300 چەكداری دیكەش دەستگیركراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن