راچڵەكین-
چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی، ناوەڕۆكی ئەو نامەیەیان بڵاوكردووەتەوە كە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێرانی كردووە.
محەمەد ساڵح سدیقیان، بەڕێوەبەری ناوەندی عەرەبی بۆ دیراساتی ئێرانی دەقی نامەكەی ترەمپ-ی بۆ خامنەیی بڵاوكردووەتەوە.
ترەمپ لەنامەكەیدا بۆ خامنەیی ئاماژەی بەوەكردووە، كاتی ئەوە هاتووە ئەو دوژمنایەتییەی چەند ساڵێكە لەنێوان ئەمریكاو ئێران بەردەوامی هەیە، كۆتایی پێ بهێنرێت و لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای هاوبەشی و رێزی نێوانیان هەڵبدرێتەوە" هەلێكی مێژوویی لەبەردەمماندایە."
ترەمپ لەبەشێكی نامەكەیدا نوسوویەتی:" ئەمریكا بەسەركردایەتی من ئامادەیە هەنگاوێكی گەورە بنێت بەرەو ئاشتی و رەواندنەوەی بارگرژییەكان. پێكەوە دەتوانین سزاكان هەڵبگرین، ئابوری ئێران ببوژێتەوە و دەرگای هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بكەینەوە، نەك تەنها لەبەرژەوەندی گەلی هەردوو وڵات، بەڵكو لەپێناو بەرژەوەندی، سەقامگیری و ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهان بەگشتی."
سەرۆكی ئەمریكا لەبەشێكی تری نامەكەیدا زمانە دبلۆماسییەكەی دەگۆڕێت بۆ هۆشداری و دەڵێت:" لەهەمان كاتدا هۆشداریتان پێدەدەم، ئەگەر بێتو ئەو دەستەی درێژ كراوە بۆ ئاشتی رەتیبكەنەوەو، رژێمی ئێران رێگای هەڵكشانی بارگرژییەكان، پشتیوانیكردنی بەردەوامی رێكخراوە تیرۆرستییەكان و سەركێشییە سەربازییەكانی هەڵبژارد، ئەوە وەڵام و كاردانەوەكان یەكلاكەرەوەو خێرا دەبن، دەستەوەستان نابین لەبەردەم هەڕەشەكانی رژێمەكەتان لە گەل و هاوپەیمانەكانمان."
ترەمپ نوسیوویەتی:" ئاشتی لاوازی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەڵبژاردەی بەهێزەكانە، گەلی ئێران، گەلێكی مەزنە و شایستەی داهاتوییەكی باشترە، دوور لە هەژاری و گۆشەگیری و دەردەسەری، ئەگەر ئامادەی دانووستانن ئێمەش ئامادەین، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە پشتگوێخستنی داواكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، مێژوو رەحم بەكەس ناكات و ئەوە تۆمار دەكات كە ئێوە هەڵێكی زێڕینتان لەدەستداوە."