راچڵەكین -
كەشناسیی هەرێم پێشبینییەكانی بۆ كەشوهەوای رۆژانی جەژنی رەمەزان بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: شەپۆلێكی نمەباران و هەورە تریشقە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوەو پلەكانی گەرماش روو لە دابەزین دەكات.
ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكرێ رۆژی یەكشەممە ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت، لەگەڵ هاتنی شەپۆلێكی نمەباران و هەورە تریشقەی پچڕ پچڕ لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا بۆ سەر زۆربەی ناوچەكانی هەرێم.
رۆژی دووشەممە نمەبارانی پچڕ پچڕ و هەورە بروسكە بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچەكانی گەرمیان و رۆژهەڵاتی هەرێم، لە دوای نیوەڕۆوە شەپۆلەكە كۆتایی دێت و پلەكانی گەرماش (3-5) پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.
كەشناسیی پێشبینیشی كردووە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك و هەولێر و بەشێك لە ناوچەكانی گەرمیان رێژەیەكی زیاتر بارانی لێ ببارێت.