سوپای رووسیا چەند ناوچەیەكی دیکەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 261

راچڵەكین -

سوپای رووسیا نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشەكانی بۆسەر خاكی ئۆكراینا بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان پێنج شارۆچكەی گرنگیان كۆنترۆڵكردووەو لەماوەی هەفتەی رابردووشدا زیاتر لە هەزار و 700 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگ كوژراون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە هێرشێكی فراواندا بۆسەر ناوچەكانی دۆنێتسك، خاركۆف و زاپۆرۆژیا، هێزەكانیان توانییان پێنج شارۆچكەی گرنگ و ستراتیجی كۆنترۆڵ بكەن دوای ئەوەی هێزەكانی ئۆكراینا لێی كشانەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هاوكات لەگەڵ پێشڕەوییەكانی سوپای رووسیا لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ، لەهەرێمی كورسك زەبری گەورەیان لە سوپای ئۆكراینا وەشاندووەو لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی كە پێشتر لەلایەن ئۆكرایناوە داگیركرابوو، نزیكبوونەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكرایكردووە، لە ئەنجامی شەڕو پێكدادانەكانی هەفتەی رابردوو، هەزار و 780 سەربازی ئۆكراینی كوژراون، سەدان كەرەستەی سەربازیشیان لەناوبراون.

فراوانبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا بۆسەر ناوچەكانی ئۆكراینا، لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، هەوڵەكانی بە ئاڕاستەی كۆتایی هاتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا و گەیشتنی هەردوو وڵات بە رێككەوتنی ئاشتی، چڕتر كردووەتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن