راچڵەكین -
وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی پڕۆژەی رووناكی-یەوە، كارەبای نیشتمانیی 24 كاتژمێری بۆ شەش گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر دابین دەكرێت.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، لە درێژەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی رووناكی، وەزارەتی كارەبا هەڵدەستێت بە دابینكردنی كارەبای نیشتمانیی 24 كاتژمێری بۆ شەش گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر، كە بریتین لە گەڕەكەكانی (تەیراوە، مستەوفی، عەنكاوە، كورانی عەنكاوە، سەڵاحەددین و منارە).
وەزارەتی كارەبا ئاشكرایكردووە، تا ئێستا 26 گەڕەك لەسنووری شاری هەولێر كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابینكراوەو 346 هەزار هاووڵاتی نیشتەجێی ئەو گەڕەكانە سوودمەند بوونە، لەسەرانسەری هەرێمی كوردستانیش 415 هەزار هاوڵاتی كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابینكراوە و نزیكەی 600 مۆلیدەی تایبەت لە 35 گەڕەكی جیاواز لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان وەستێنراون.