راچڵەكین -
وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایدەەیەنێت: ئێوارەی سبەینێ چاودێری بینینی مانگ دەكرێت، ئەگەر مانگ بینرا، رۆژی یەكشەممە دەبێتە یەكەمین رۆژی جەژنی رەمەزان، بەڵام ئەگەر نەبینرا دەبێتە تەواوكەری مانگی ڕەمەزان و دووشەممە دەبێتە یەكەم رۆژی جەژن.
عەبدوڵڵا شێركاوەیی، وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، تاوەكو سبەی ئێوارە هیچ بڕیارێك دەربارەی دیاریكردنی جەژنی رەمەزان نادرێت، سبەی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان لەڕێگای لیژنە لاوەكییەكانییەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، چاودێری مانگ دەكەن.
وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئایینی وتیشی: هەر كاتێك مانگ بینرا، رۆژی یەكشەممە دەبێتە جەژن، بەڵام ئەگەر نەبینرا دەبێتە تەواوكەری مانگی رەمەزان و رۆژی دووشەممە دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.
عەبدوڵڵا شێركاوەیی ئاماژەی بەوەشكرد، هەر هاووڵاتییەك مانگی بینی، دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سنوورەكەی خۆی لێ ئاگادار بكاتەوە.