نهێنی پشت گیانلەدەستدانی مارادۆنا ئاشكرا دەكرێت

وەرزش

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 349


راچڵەكین-

لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنی حەوت پزیشك بەتۆمەتی " كوشتنی بەئەنقەستی" دیێغۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی جیهان و ئەرژەنتین، دواجار پەردە لەسەر ئەنجامی توێكاری لاشەی ئەو ئەفسانەیە لادرا.

ماوریسیۆ كاسینیلی، ئەو پزیشكە دادیەی توێكاری بۆ لاشەی مارادۆنا كردووە دەڵێ، پشكنینەكان دەریانخستووە ئەو ئەفسانەیە 12 كاتژمێر بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات، بەدەست ئازارێكی زۆری دڵییەوە ناڵاندویەتی، جگە لەوە 10 رۆژ پێش ئەوە ئاو لەسییەكانیدا كۆبووەتەوە بەهۆی باش كارنەكردنی دڵی و  بەمۆمبوونی بەشێك لەجگەری، لەكاتێكدا تەنها ماوەی دوو هەفتە بووە نەشتەرگەری دڵی بۆ ئەنجامدراوە.

كاسینیلی دەڵێت، دەبوو ئەو تیمە پزیشكییەی چاودێری دۆخی تەندروستی مارادۆنا-یان كردووە، ئاگاداری ئەو نیشانە مەترسیدارانە بوونایە.

فیدیریكۆ كورا سانیتی، كەئەویش بەهەمان شێوەیە یەكێكە لەو پزیشكانەی بەشداری لەتوێكاری تەرمی مارادۆنا كردووە دەڵێ،  لەكاتی توێكاریدا تەنها بەپەنجە خستنە سەر هەردوو قاچی و دەستدان لە ورگی و بەكارهێنانی گوێبیستی پزیشكی و گوێگرتن لەسییەكانی و سەیركردنی رەنگی لێوەكانی، بۆت دەردەكەوت كە چەند ئازاری چەشتووە.

" كێشی دڵی مارادۆنا دوو هێندەی كێشی دڵی كەسێكی ئاسایی بووە، بەهەمان شێوە كێشی مێشك و سییەكانی كەپڕبوون لەئاو، زیاتر بوون لەكێشی ئاسایی." كورا سانیتی وادەڵێ.

ئاشكراكردنی ئەو نهێنیانە، لەكاتێكدا دێت لەئێستادا تیمی پزیشكی چاودێری دۆخی تەندروستی مارادۆنا بەتۆمەتی كەمتەرخەمی و ئەنجام نەدانی ئەركی خۆیان، دادگایی دەكرێن، ئەگەر بێتو تۆمەتەكانیشیان بەسەردا ساغبێتەوە ئەوا لەنێوان 8 بۆ 25 ساڵ زیندانی دەكرێن.

مارادۆنا لە 25ی تشرینی دووەمی 2020 لەتەمین 60 ساڵیدا لەماڵەكەی خۆی لە بۆینس ئایرس كۆچی دوایی كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن