راچڵەكین-
سەرۆكی رووسیا لەبارەی ئیدارەدانی ئۆكراینا، پێشنیارێكی نوێ بەبەشداری نەتەوە یەكگرتووەكان دەخاتەڕوو.
ڤلادیمێر پوتین لەكۆبوونەوەی لەگەڵ كەشتیوانانی ژێر دەریایی ئەتۆمی (ئارخا نگیلسك) لەشاری مۆرمانسك رایگەیاند:" دەكرێت بەچاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ئەمریكا تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و هاوبەش و هاوڕێكانمان، قسە لەسەر ئیدارەیەكی نوێ بۆ ئۆكراینا بكرێت."
پوتین وتوویەتی، رووسیا نازانێت لەگەڵ چ لایەنێكدا لە ئۆكراینا رێككەوتن بكات " دەسەڵاتی مەدەنی لە ئۆكراینا هیچ شەرعییەتێكی نەماوە لەبەرئەوەی بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە تائێستا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام نەدراوە."
سەرۆكی رووسیا دەڵێت:" دەستوری ئۆكراینا وا نووسراوە كە هەموو بەرپرسێك لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتەوە دەستنیشان دەكرێت، لەنێویاندا پارێزگاران، لەئێستا خودی ئەو ( مەبەست لێی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی) شەرعییەتی یاسایی نەماوە، كەواتە هەمووان لەو وڵاتە شەرعیەتیان نییە."
لەماوەی رابردوودا، رووسیا چەند جارێك ئاماژەی بەوەكردووە، لەمانگی ئایاری ساڵی رابردوەوە، زیلینسكی ماوەی یاسایی دەسەڵاتی تەواو بووەو پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئۆكراینا ئەنجامبدرێت، بەڵام شوباتی ئەمساڵ پەرلەمانی ئۆكراینا، پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد كە تیایدا جەختكراوەتەوە لەسەر مانەوەی زیلینسكی لەدەسەڵات بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیاو نەبوونی كەشی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.