راچڵەكین-
پارێزگاری كاتی بانكی ناوەندیی سوریا، دوای كەمتر لەسێ مانگ لەوەرگرتنی پۆستەكەی، دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە حكومەتی كاتی سوریا كرد.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەسوریا بەسەرۆكایەتی بەشار ئەسەد، مەیسا سابرین وەك پارێزگاری كاتیی بانكی ناوەندی دەستنیشان كراو پۆسەتەكەی وەرگرت.
مەیسا سابرین، یەكەم ژنە كە لە مێژووی زیاتر لە 70 ساڵەی بانكی ناوەندی سوریا، سەركردایەتی دامەزراوەكە دەكات.
مەیسا سابرین ، خاوەنی زیاتر لە 15 ساڵ ئەزمونی پیشەیی لە بواری دارایی و بانكیدا و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماجستێرە لە ژمێریاری لە زانكۆی دیمەشق، هەروەها بڕوانامەی CPA، كە وای لێكردوە پۆستی سەركردایەتی دیار وەربگرێت.
بەرپرسێكی سوری و سەرچاوەیەك لە كەرتی دارایی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە؛ كە لە چەند ڕۆژی داهاتودا لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا جێگرەوەیەك بۆ مەیسا سابرین دادەنرێت.