راچڵەكین -
لەئەنجامی رووداوێكی تەقەكردن لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا، چوار كەس گیانیان لەدەستدا، كە ئەندامی یەك خێزانن.
میدیاكانی ناوخۆی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لەشاری پێمپرۆك پارك لە ویلایەتی فلۆریدا، رووداوێكی تەقەكردن لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون روویدا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس، دەركەوت ژنێك و سێ لە منداڵەكانی كوژراون و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون.
پۆلیسی شارەكە، لەسەر زاری شایەتحاڵێك كە نیشتەجێی باڵەخانەكەیە، بڵاویكردەوە، بكوژەكە هاوسەری ژنەكەیەو بەهۆكارێكی نەزانراو دەستڕێژی گوللەی لە ئەندامانی خێزانەكەی كردووە و دواتر ویستوویەتی خۆیشی بكوژێت.
لەدوای رووداوەكە، لێكۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسی فلۆریداوە دەستی پێكردووەو چارەنووسی بكوژەكەش نادیارە.