وەزارەتی تەندروستی: پێویستە پزیشكان پابەندی دەوامی ئێشكگری بن لەرۆژانی جەژندا

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێنماییەكانی تایبەت بەرۆژانی جەژنی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەبێت پزیشكانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین، خولاو، پەرستار و كارمەندانی تەندروستی پابەندبن بە دەوامی ئێشكگری.

ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2025 وەزارەتی تەندروستی بە 18 خاڵ رێنمایی رۆژانی حەژنی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی كردووە لە شاروشارۆچكەكان.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، كاری پێویست ئەنجام بدەن بە جێبەجێكردنی ئەم ڕێككارانەی خوارەوە:

1.  دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەكان. 
2.  بۆ هەركارێكی پێویست و لەناكاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت. 
3. لە كاتی پێویستدا كۆگاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی كراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان.
4. پابەندبوونی پزیشكانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و كارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشكگری.
5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەكان دەبێت.
6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) كاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨)ی بەیانی تاكوو (٨) بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان.
7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەكان ڕەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان.
8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینكردنی گاز و بەنزین بكرێت. 
9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەكانی خاوێنكردنەوە و دابینكردنی خۆراك بكرێت.
10. هێلەكانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەكان كراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.
11. نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و نۆرینگە دەرەكیەكان كراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەكان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بكەن.
12. سەنتەرەكانی پێدانی چارەسەری كیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشكگری كراوەبێت.
13. سەنتەرەكانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشكگری كراوەبێت.
14. تیمەكانی فریاگوزاری و هێلی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و كارەكانیان بە شێوەی (٢٤) كاتژمێری وە هۆبەی پزیشكی فریاكەوتن خشتەی دابینكردنی تیمەكانی دادەنێت بۆ شوێنەكانی پێویست و گەشتیاری.
15. خزمەتگوزاری بانكی خوێن بە شێوەی ئێشكگری (٢٤) كاتژمێری كراوەبێت.
16. تیمەكانی (پشكنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەكان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەكانیان بەشێوەی ئێشكگری.
17. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەكان لە كەمپەكان بەردەوام دەبێت.
18. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەكان دابنریت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناكاو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن