راچڵەكین-
لەپێشهاتێكی نوێدا، تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەیەكێك لەمیدیاكانی ئێران بڵاوبووەتەوە كە تیایدا فەریقی یەكەم محەمەد باقری، سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەبینرێت لەكاتی سەردانیكردنی تونێلێكی مووشەكی، بەسەر ئاڵای ئیسرائیلدا دەڕوات كەلەزەوی تونێلەكە كێشراوە، بەبێ ئەوەی ئاڵای ئەمریكا ببینرێت.
لەڕابردوودا كرابووە نەریت لەبۆنەیەكی لەو شێوەیەدا هەردوو ئاڵای ئەمریكاو ئیسرائیل پێكەوە لەسەر زەوی دەكێشران بۆ ئەوەی پێكەوە پێیان پێدا بنرێ، بەڵام ئەوەی لەو تۆمارە نوێیەدا دەبینرێ لەسەردانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێراندا تەنها ئاڵای ئیسرائیل بوونی هەیە و بەرپرسانی باڵای سەربازی ئێران بەسەریدا دەڕۆن و پێی لێ دەنێن.
پێشتر میدیاكانی ئێران بڵاویانكردبوەوە، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیان وەك سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە، ئاڵای ئەمریكا لەسەر زەوی بارەگای حكومەتی ئێران لابراوە، هەروەك لەهەندێك لەزانكۆو دامەزراوەكانی ئێران بەڕوونی تێبینی ئەوە كراوە لەكاتی هاتوچۆدا، خوێندكاران یاخود سەردانیكەران خۆیان لەبەسەردا رۆیشتنی ئاڵای ئەمریكا بەدوور دەگرن و بە نەریتێكی بێ سوود سەیری دەكەن.
لەساڵی 1979 وە، دوای دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەتاران، خستنەژێرپێی ئاڵای ئەمریكاو ئیسرائیل بووەتە نەرتیكێكی دەیان ساڵە لەئێران و لەهەموو بۆنەیەكدا دووبارە دەكرایەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو نەریتە بووەتە جێی پرسیار لای ئێرانییەكان و بەشێكیان خۆیانی لێ دەپارێزن.
بەبڕوای هەندێك لەچاودێران، خۆ بەدوورگرتنی بەرپرسانی سەربازی ئێران لەبەسەردا رۆیشتنی ئاڵای ئەمریكا، پێدەچێت پەیامێك بێت بەوەی تاران نایەوێت بارگرژییەكانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا ڕوو لەهەڵكشان بكات.